فیلمەکە وەڵامێکی دەروونی بوو بۆ بوومەلەرزە و تسۆنامییە گەورەکەی ساڵی ٢٠١١ـی ژاپۆن، کە تێیدا هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و شارۆچکەی تەواو لەسەر نەخشە سڕانەوە، (ماکۆتۆ شینکای) تووشی خەمۆکییەکی قووڵ ببوو چونکە هەستی دەکرد ژاپۆنییەکان خەریکە ئەو کارەساتە لەبیر دەکەن، بۆیە ئەو بەردە ئاسمانییەی لە فیلمەکەدا شارۆچکەی ئیتۆمۆری وێران دەکات لە ڕاستیدا هێمایە بۆ تسۆنامییەکە، شینکای ویستی فیلمێک دروست بکات کە تێیدا موعجیزەیەک ڕووبدات و بتوانێت ئەو کەسانە ڕزگار بکات کە لە ڕاستیدا نەیانتوانی ڕزگاریان بێت، ئەمە فیلمەکەی لە چیرۆکێکی ئەویندارییەوە گۆڕی بۆ هەوڵێکی دەروونی بۆ ساڕێژکردنی برینی گەلێک.